له‌م شه‌رحی ده‌ردی غوربه‌ته له‌م سۆزی هیجره‌ته
دڵ ره‌نــگه بێ به ئاو و به چا‌وا بکـــــا عوبـــــــوور !
"حه‌زره‌تی نالی"
"قوربانی تۆزی رێگه‌تم " ئه‌مڕۆ رژانه سه‌ر
جه‌سته‌ی پیاده‌ره‌و که هه‌موو دانه دانه سه‌ر ...
که‌وتن به سه‌ر کراسه‌که‌م ئه‌ی تاکسی ئه‌رێ؟
چه‌ن ساڵی تر که چویته‌وه بۆکان بزانه سه‌ر ...
کووچه‌ی هه‌ناره‌که‌م که له ده‌ستم که‌وت ...!! بڵاو
بۆوه و قیامه‌تێ ... ! چ عه‌رز که‌م ؟ ئه‌مانه سه‌ر ...
هاتی منن ، منێ که له ئێواره ئه‌ی خودا !
دۆزه‌خ نه‌ما نه‌چم کوره تف له‌و ژیانه سه‌ر ...
باری هه‌تا قیامه‌ت و تا مه‌رگ و تا هه‌نار!
ئه‌ی تاکسی ببوره که وا ئه‌م قسانه سه‌ر ...
دێنێته ئێش و وه‌خته ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر بڵێم :
"دڵ ره‌نگه بێ به ئاو " و به قورسێکی ژانه سه‌ر
بیخۆره‌وه و تکایه بزانه له کووچه دا
رووحێ که هی ئه‌من بو له ناو ئه‌م زه‌مانه سه‌ر...
گه‌ردانه دا که ون بووه بیدۆزه‌وه و بڵێ :
قوربانی
تۆزی
رێگه‌تم ...*
30/2/1390
تاران
*هی حه‌زرەتی نالیه :
قوربانی تۆزی رێگه‌تم ئه‌ی بادی خۆش مروور
ئه‌ی په‌یکی شاره‌زا به هه‌موو شاری شاره‌زوور!
گوڵـم دڵم پڕە له ... هیچ، ئه‌رێ ئه‌زانی شارەکهت؟!
ئه‌مێسته چۆڵ و هۆڵ، بێ هه‌را ...نه تۆ نه دارەکهت!
که سێبه‌ری ئه‌که‌وته حه‌وشه‌مان، نه کۆترێک نه که‌س!
که بێته کووچه ... کایه‌یه‌ک ... ! نه زەردەیهک له زارەکهت
که وەک په‌پووله هه‌ڵفڕی به باڵی سه‌وز و سوورەوە !*
بەرەو پیادەرەو به‌رەو شه‌قامه نادیارەکهت !
ئه‌مێسته ئه‌م وەتاغه
من
دیازپام
خه‌ون
مه‌رگ...
نه نووکهیهک ، له تاکه زەنگهکانی جار و بارەکهت !
له بیرته پێت وتم : ئه‌بێ بڕۆم ، ببورە تۆ له بیر ... !
که داکه‌وت له دەسته زەردەکانی من
هه
نا
رە
که ت...
تلۆر تلۆر، به‌رەو پیادەرەو ...وتت : ببوورە لێم
ئه‌بێ …
ئه‌بێ بسڕمهوە …
بسڕمهوە ژومارەکهت !
...
گوڵم
دڵم پڕە له دەرد و کوڵ
ئەڵێم بڕۆم له شارەکهت...!**
89/10/10
تاران
* له‌و دێرەی مامۆستا سوارەی ئیلخانیزادە وەرگیراوە :
من ئه‌ڵێم په‌پووله‌یه‌ک فڕی به باڵی سه‌وز و سوورەوە
**هی مامۆستا سوارەی ئیلخانیزادەیه
...
بۆ روومانگ
کۆمه‌ڵێ ماچ و په‌پووله که دە دوازدە نه‌فه‌رن !
جادەیه و
مه‌مک و هه‌ناریش له گه‌ڵم هاوسه‌فه‌رن !
بۆنی خاک ،
خاکی سه‌فه‌ر ،
کۆچ ،
غه‌ریبی ،
تاسه‌ت...
مینی بووسێک و ههرایەک دەڵێ: ئادەی دە وەرن !
شاعیرێکیش که منم دەستی له سه‌ر شانی هه‌نار!
شێعرەکانی
خهمهکانیم
لە سه‌تا سه‌ت له‌به‌رن !
ئه‌چمه مێعراجی مه‌مک
- دەبمەوە بەر -
ڕادەچهنم!!
وەکو ئه‌و شاپه‌ڕی ماچانه له گۆنات
ئهوەرن !
غهزەلێک رەنگه له دایک...!
کورە گازی دە بڕۆ !
خەڵکی ئه‌م شارە له تاسه‌ی دڵی من بێخهبهرن !
خه‌م چرۆی داوە لە ناو سینگ و هه‌ناسه‌م لهوەتا ...
مه‌مکه‌کانت که جگه‌ر گۆشی منن ده‌سبه‌سه‌رن!!*
89/05/19
* له‌و شێعرەی نالی وه‌رگیراوە:
شێعرەکانم کە جگهرگۆشی منن دەربهدەرن!
دڵی نالی چ رەقه قه‌ت خه‌می فهرزەندی نیه !
وەک مه‌لێکی لانه‌واز پێم وا نه‌بوو قەت پێوە بم !
رەنگه راپۆرتم له سه‌ر بووبێ له گه‌ڵ ئه‌و سێوە بم !
کامه؟هه‌ر ئه‌و سێوە حه‌ووا...؟ نا کورە سێ‌و ها له کوێ؟
چارەنووس وابو بە تاسه‌ی دوو دەنک ههرمێوە بمـ ...
...رم هه‌تا چیرۆکی عه‌شقی ئێمه دارێژن ، ئه‌من
رەنگه له‌م خیابانه به شوێن کاف و واو و زێوە بم !
دەنگی ماملێ و رێگه‌یه‌ک تا بێنه‌هایه‌ت تا خودا !
کاکی رانهندە ئه‌رێ چه‌ن ساڵ ئه‌بێ به‌م رێوە بم ؟؟
"خاکی کووچه‌ی یارەکهم!"*بێدەنگی که ! وست! وست! ئه‌لۆ:
دادە گه‌ر ئیزنت لە سه‌ر بێ خاکی کوچه‌ی ئێوە بم !
ئه‌بمه چیرۆک یا غه‌زەل یا هه‌رچی پێت خۆشه به‌ڵام
تا هه‌تایه تا هه‌تایه تا هه‌تا بمڵێوە بم...
۱۲/۴/۸۹
* گۆرانییه‌کی مامۆستا محه‌مه‌دی ماملێیه
سه‌ره‌تا سیفر و فشه‌ی شین و ره‌شی ده‌ستوورت!!
که‌ڕه‌تێ عه‌شقی سکاڵاوی خه‌مێکی سوورت!!
تا سپی بوونی هه‌ناسه‌ی ته‌مه‌نی ئه‌م خه‌ونه!
ره‌گه‌زی ماچ ئه‌به‌خشم به رقی ئهستوورت!!
قڕی هاتووه غه‌زه‌لی پێنج و شه‌شی سهرشێتیم!
خۆ دههاوێمهوه ئامێزی گڕی تهندوورت!!
من له پاڕانه‌وه‌کانی سه‌فه‌را ئاوا بووم...
هه‌ر له باکووره‌وه بۆ سه‌وزه چیای باشوورت!!
پێم وتی ئه‌م غهزهلهت پێشکه‌شه!ناقابیله!!
پێت وتم رۆڵه برۆ!کۆی که‌وه داشقه‌ی توورت!!!!
۱۷/۱۲/۱۳۸۳
منیش گه‌وره ده‌بم!!
چ خه‌یاڵاویه ئه‌م شێعره گڕی گرتووه بۆت!
له گه‌رووی گه‌رمی هه‌نارێکه‌وه پشکوتووه بۆت!
به خودا ئه‌م قسه قۆڕانه که تۆ ده‌یبیستی
زایه‌ڵه‌ی وشکی دڵێکی شه‌که‌ت و تینووه بۆت!!
له ته‌نیشت باروبنه‌ی سه‌وزی غه‌زه‌ل تاکو به‌یان
چ شه‌وو نیوه شه‌وی تاڵی به سه‌ر بردووه بۆت!!!
سه‌گه لاساری دڕی شێت و شڕی ناو دڵه‌که‌م
ئه‌وه چه‌ن رۆژه به دینت که‌ره!عاقڵ بووه بۆت!!
چ بڵێم بێ ئه‌ده‌بیشه! ئه‌ده‌بیشه به سه‌رت
له به‌ری پێمه‌وه تا ته‌وقی سه‌رم خه‌وتووه بۆت!!
تا کو هاتم لە سەر ئەو سینگه رەقەت گوڵ بچنم
زوو وتت گه‌وجه مه‌که! ئێسته مناڵی زووه بۆت!!!
۶/۵/۱۳۸۳
شێت بوون تا....
شان به شانی ههوهسێکا / تۆ/ و /من/ و / تۆ‌و/ ده‌ترووکێنن
له خه‌ڵوه‌تی بێ سه‌رو شوێنی ژنێک / رووت/ ئهتسووتێنن
هه‌مو شه‌وێ به ده‌م شه‌یتانی بوونی غهزهلهکانت...
تا زیندوو بوون قاقا خوێن له قامه‌تی وردبووت ئه‌خوێنن
له دوی نیگای ره‌شی ره‌حه‌ت بوونێکی ئه‌به‌دی وێڵن
/هه‌تا هه‌تایه ده‌وری جوانیه/ و چی تر ئهرووخێنن
/سپی سپی/ له تابووتی ههوهسهکانیان ئهتنێژن
/ره‌ش ره‌ش/ له بۆگه‌نی رشانه‌وه‌ی خۆیان ئهتخوڵقێنن
له وه‌تاغێک پراوپر هه‌وه‌سی جگه‌ره‌یه‌ک و خۆم
مه‌ست له تۆ تر/کێ؟/ ماچ له /من/ ترین غه‌زه‌لم ده‌ستێنن
جه‌سته‌ت ئه‌که‌نه شه‌ڵاڵی شه‌هوه‌ت و /قا قا/ تروکان
/قا قا/ ئیمان به قه‌ڵافه‌تی جه‌سته‌یه‌کی تر دێنن...
۱۱/۳/۱۳۸۳
"په‌نجه‌ره‌یه‌ک روو به شه‌قام"
ئه‌وینێک،به قه‌رای ژانێک،ژیانێک،چاوتروکانێک
له‌گه‌ڵ تۆ بوون هه‌تا تۆبه له هه‌وه‌س و تا نه‌مانێک
هه‌ناسه‌یه‌ک تا کۆتایی ئه‌م سه‌فه‌ره و سه‌ره‌تایه‌ک...
بۆ یاخی بوون له ده‌س یاسای ئایه‌ته‌کانی یه‌زدانێک
حیلکه حیلکی ده‌وڵه‌مه‌ندێک تا بێ سنوورترین زه‌ریا
پڕ به دەشتی وشکهڵاتوی ده‌سته‌کانی باخه‌وانێک
گه‌ڵا گه‌ڵا گۆنای زه‌ردی کچۆڵێکی باوک مردوو
ئا..ا..خ پاییز! ورد و خاش بووه له ژێر پێله‌قه‌ی کۆڵانێک
توونی ترین غه‌زه‌له‌کان مه‌نفا ده‌کرێنه سه‌ر دڵم و
هه‌مو شێت شێت تینوو بۆ ماچی دڵۆپه بارانێک
ره‌نگه ئێستێ ره‌ق هه‌ڵاتبێ ئه‌و پیره پیاوه‌ی که دوێنێ
ته‌ق!ته‌ق! ده‌رکه‌ی ئاواته‌کانی ئه‌کوتا بۆ له‌ته نانێک
ئه‌بمه‌وه مناڵ و له سه‌ر ئه‌سفاڵتی به‌ر ده‌رگه‌که‌مان
باڵا به باڵای گوڵاڵه‌کان ئه‌کێشمه‌وه جیهانێک....
۵/۲/۱۳۸۳
" نه‌ورۆز"
ده‌سی له‌رزۆکی سروه‌یه ،په‌نجێره‌ی نیوهتاک ئه‌کوتێ
ده‌رکه‌ی حه‌ز و خولیاکانی دژ به شه‌وی سامناک ئه‌کوتێ
به سه‌ر چوونی وه‌رزی ره‌شی شه‌خته‌ی ههڵهبجهوئهنفاله
کڵۆ کڵۆ توانه‌وه ،که‌لاک له سه‌ر که‌لاک ئه‌کوتێ
زرمه‌ی چه‌کوچی پۆڵایینی حه‌قیقه‌تێکی ون بوویه
ئه‌مڕۆ مێشکی بۆگه‌نیوو جه‌سته‌ی وردبووی زوحاک ئه‌کوتێ
دارستانێکی ته‌ماوی و هه‌ناسه‌کانی خۆره‌تاو
ته‌نیا ته‌نیا رێگه‌ی سه‌ختی ئاسۆیه‌كی رووناک ئه‌کوتێ
دایکم ته‌رمی گوڵه مێلاقهکانی حه‌وشه ده‌نێژێ و
هه‌ر ئێسته‌که له دارستان چرۆیه‌ک سینگی خاک ئه‌کوتێ
به‌هاری 1383
خۆر
بۆیه ریپۆقی له برژانگی گڕی گرتووه خۆر
چاوی زێڕینی به ده‌ستی ره‌شه‌با رشتووه خۆر
چه‌نده شه‌رمێون و دڵناسکه سا سه‌یری که‌ن
له گه‌مارۆی په‌ڵه هه‌ورانی گه‌دا که‌وتووه خۆر
چ بوو رێ‌و ره‌سمی ئه‌وینداری له بیر جۆوه له پڕ
کورته چیرۆکی چهپهڵخانه له کێ فێر بووه خۆر؟؟
که ده‌بینن گوڵه ئه‌ستێره هه‌مو پڕش و بڵاو
له‌شی به‌رته‌سکی به ناخی شه‌وه زه‌نگ رۆچووه خۆر
هه‌سته سه‌ر پێ که به قه‌د قامه‌تی ئه‌م شاره هه‌مو!
تیشکی گۆنا بدرهوشێنه هه‌تاکو زووه خۆر!
با نه‌ده‌ن تانه له تاقانه کچۆڵه‌ی ئاسمان !
با نه‌ڵێن شه‌و به ته‌مای چی له گه‌ڵی نووستووه خۆر!
3/11/82
شه‌و
له پرچی لوولی ئاسمان چرۆی تیشک روا بو شه‌و
سنووری سه‌وزی شێعری ته‌ڕ به جارێ تێک شکا بو شه‌و
له پشت کراسی کون کون و ره‌ش و شڕی به‌ر ئاسمان
به‌ڵێنی رۆژی روون و تیشکی خۆره‌تاوی داب‌و شه‌و
خه‌ڵوزی ته‌رمی په‌رپه‌رۆک له سووچی پیاڵه که‌وتبو
بڵێسه‌ی ئاگری شه‌میش ئه‌سیری ده‌ستی با بو شه‌و
له ژێر نیگای گوڵاڵه‌کان و باوه‌شێنی شۆره‌بی
کوری گه‌دا له خه‌ونی دا له‌سه‌ر سه‌رینی شا بو شه‌و
له ناو ته‌م و مژ و ته‌وژمی دووکه‌ڵی هه‌ناسه‌کان
له سه‌ر جه‌سه‌ی کچێنی شاری مردو راکشابو شه‌و
به چاوی کوێر و پڕ له خوێن و خه‌ون و تاسه پێکه‌نی
که سه‌یری کرد شه‌قامی شاری بێبه‌ری نیگا بو شه‌و
له سه‌ر ته‌وێڵی پڕ له تیشکی خۆره‌تاو ئه‌نوسمه‌وه
که ژوانی چۆڵی بێکه‌سی من و وشه و خودا بو شه‌و!
17/6/82
"کزه‌با"
ده‌خزێ که له ئامێزی کزم ده‌ستی کزه
داده‌گرێ له‌شم له‌رزی ته‌زووی هه‌ستی کزه
بێره‌حمه له گه‌ڵ چه‌پکه‌گوڵی رومه‌تی یار!
سه‌رسامه دڵم ،ده‌ڵێم چلۆن گه‌ستی کزه
مل که‌چ که بهرهووتهوه دێ لێت وهرهزه !!
بایی نه‌بی پێت وا نه‌بێ سه‌ربه‌ستی کزه
کاتێ دڵی سیست چه‌قه‌ره‌ی دا له ئه‌وین!!
ئه‌و کاته بڵێ که شێت و سه‌رمه‌ستی کزه!
به‌س به‌رده سوپای پووش و پهڵاشت له خه‌ڵک!
وا دیاره به چاوی ره‌شی ناوه‌ستی کزه!!
5/2/1382
"به‌هار"
گه‌زیزه وا له به‌ر سه‌هۆڵی سه‌رد و سڕ تکا ده‌کا
که بێته ده‌ر له بن به‌فر خودا خودا خودا ده‌كا
گزنگی خۆر ئه‌دا له روومه‌تی سروشت کوری به‌فر
له مه‌مکی سه‌وزی سه‌ر زه‌وی به شین و رۆوه را ده‌کا
به سروه پێکه‌نینی دێ چڵی نزاری ویشکهدار
که باسی هاتنی گوڵ و شکۆفه‌و و گه‌ڵا ده‌کا
نه‌ما سنووری سووره‌گوڵ که بولبول هات و چۆیه‌تی
له خۆشی ماچی روی گوڵه که پر به دڵ هه‌را ده‌کا
چریکه دێ له ناخی ئاسمانی روونی ساڵی نوێ
مناڵه‌که‌ی هه‌ڵه‌بجه‌یه له‌گه‌ڵ په‌ری سه‌ما ده‌کا!
28/12/1381